Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی کەنیسەکانی بەریتانیا و نەرویج کۆبووەوە

2025-02-03T13:59:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی کەنیسە و ناوەندە ئایینییەکانی مەسیحی لە بەریتانیا و نەرویج، کە لە ژمارەیەک سەرۆکی ئەسقەفییە، قەشەی کەنیسە و کەسایەتیی ئایینیی مەسیحی پێکهاتبوو، کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، لە ژیانی پێکەوەییی ئایینی و فرەییی نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان دوا و ڕوانگە و هەنگاوەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بە ئاراستەی قووڵترکردنەوە گیانی ئاشتی و تەبایی و بەهێزکردنی بنەماکانی لێبووردەیی و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکان، ڕوونکردەوە.

لای خۆیانەوە شاندی میوان، وێڕای بە نموونەیی وەسفکردنی هەرێمی کوردستان لەڕووی ئازادیی ئایینی، فرەییی نەتەوەیی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانەوە، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندی و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی ئامادەی بوون، باس لە هەماهەنگی بۆ جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی هاوبەش کرا، لەمبارەیەوە، پشتیوانیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەر ئاسانکارییەک، دووپات کرایەوە.

سەردانی شاندی هاوبەشی کەنیسەکانی بەریتانیا و نەرویج بۆ هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی (هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ستیفانۆس) ە، کە ناوەندێکی نێودەوڵەتییە و لە بواری ئازادیی ئایینیدا کار دەکات.