نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/5/25 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ماڵئاواییی بەڕێز سيونگچۆل ليم و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان، نیوەڕۆخوانێکی ڕێزلێنانی بۆ ڕێکخست.
لە نیوەڕۆخوانەکەدا کە وێڕای بەرپرسان لە سەرۆکایەتی، ژمارەیەک لە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە سوپاس و پێزانینەوە باسی لە کار و چالاکییەکانی ماوەی ڕابردووی بەڕێز لیم کرد و ڕۆڵی بەڕێزیانی لە ڕێکخستن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریای باشوور، بە گرنگ و کاریگەر لە قەڵەم دا.
لای خۆیەوە بەڕێز سیونگچول لیم، وێڕای دەربڕینی سوپاسگوزاری بۆ ڕێکخستنی ئەم ڕێزلێنانە، خۆشحاڵیی بە کارکردنی لە هەرێمی کوردستان نیشان دا و هیوای بەردەوامی و زیاتر بەرەوپێشەوەچوونی بۆ پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، خواست.