ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/18 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ماتیاس ویلەر، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و خاتوو ڕێبیکا ماتس، کونسوڵی کاروباری سیاسیی کونسوڵخانە، کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە، ئامادەی بوو، جەخت لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، هەروەها فراوانکردنی کایەکانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەنێوانیاندا، کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخ و پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراق، بەتایبەتی تەواوکردنی کابینەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، خرانە بەر باس؛ تیایدا، باس لەو هەوڵ و هەنگاوانە کران کە بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و سەرخستنی پرۆسەکان و سەقامگیرکردنی وڵات، لەئارادان.
لە تەوەری هەرێمیدا، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و پەرەسەندنەکانی تاوتوێ کران، هەردوولا لەسەر بایەخی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکانی جەنگ و جێگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، هاوڕا بوون.