Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا جەختیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کردەوە

2026-07-02T11:45:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/7/2 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه،‌ كونسوڵى گشتیی ئه‌ڵمانيا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەڵمانیا، چۆنیەتیی پەرەپێدانیان و هەروەها فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە کایە جیاجیاکاندا خرایە بەر باس و بیروڕا لەبارەیەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.

لە تەوەری ناوخۆدا، پەرەسەندنە سیاسییەکان لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کران و هەردوولا پێویستیی تێپەڕاندنی قۆناغەکەیان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانیدا، دووپات کردەوە.

هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی هەرێمی و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی، بەتایبەتی ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا لەئارادان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.