ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/5/24 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز لیۆ جیۆن، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان و جێگری تازە دەستبەکاربووی کونسوڵ، کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان پیرۆزباییی دەستبەکاربوونی لە بەڕێز جێگری کونسوڵی گشتی کرد و ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریکردنی لە ئەرکە نوێیەکەیدا، نیشان دا.
هەر لە دیدارەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری میللیی چین کرا و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی بەردەوامییان، خواستی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا دووپات کرایەوە؛ هەر لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، بە پێزانینەوە لە ئاستی هەماهەنگی و هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوولا دوا، بە تایبەتی لە کەرتی گەشەپێدانی مرۆیی و بەرزکردنەوەی تواناسازیی بەڕێوەبردندا، کە چین پێشکەش بە هەرێمی کوردستانی دەکات.
دۆخی ناوخۆ، ڕەوشی گشتیی عێراق و پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون، تیایدا وێڕای خستنەڕووی هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئاڵوگۆڕکردنی سەردانی شاندە سیاسییەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا و بەردەوامیی کۆبوونەوە هاوبەشەکانیان لەپێناو یەکلاکردنەوەی دۆسیە هەڵواسراوەکان، ڕۆڵی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە بە ئاراستەی نزیککردنەوەی لایەنەکان و کۆکردنەوەیانە لە پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانیدا، بە گرنگ و کاریگەر دانرا.
لە تەوەری پەرەسەندنەکانی ناوچەکەدا، بیروڕا سەبارەت بە هەوڵە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا ئاڵوگۆڕ کرا و هەردوولا لەسەر دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە جەنگ و پێویستیی بەردەوامیی ئاگربەست و دانوستاندنەکان، هاوڕا بوون.