پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/7/23 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو دۆمینیکا کۆڤاچ، کونسوڵی گشتیی هەنگاریا (بە وەکالەت) لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، پەیوەندییەکان و هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و هەنگاریادا خرانە بەر باس؛ تیایدا جەخت لە پێویستیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان بەتایبەتی لە کایەکانی ئابووری و بازرگانیدا کرایەوە و میکانیزمەکانی هەنگاونان بەو ئاراستەیە، تاوتوێ کران.
لە تەوەری ناوخۆدا، وێڕای خستنەڕووی ڕەوشی پێکهاتەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆڵیان لە ژیانی گشتیدا، باس لە پرۆسە سیاسییەکان لەسەر هەردوو ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان و هەوڵەکان بۆ سەرخستنیان، کرا.