Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و کونسوڵی گشتیی تورکیا دۆخی گشتیی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

2026-05-07T12:15:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/5/7 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، چەندین تەوەری تایبەت بە پەیوەندییەکان، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دۆخی گشتیی ناوچەکە، خرانە بەر باس.

لە تەوەری پەیوەندییەکاندا، جەخت لە گرنگی و بەردەوامییان کرایەوە و بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی پەرەپێدان و پێشخستنیان لە کایە جیاجیاکاندا، کە سوود بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بگەیەنێت، ئاڵوگۆڕ کرا.

سەبارەت بە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، باس لە دوا پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و کارکردن بۆ سەرخستنی کرا. لەسەر پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ئاڵنگارییەکانی، تیشک خرایە سەر هەنگاوەکان بە ئاراستەی تەواوکردنی ڕێوشوێنە دەستوورییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، لەمبارەیەوە، بەڕێز سەرۆکی دیوان، هەوڵەکانی سەرۆکایەتیی بۆ یەکخستنی بۆچوونەکان و نزیککردنەوەی لایەنەکان لەپێناو گەڵاڵەکردنی تێگەیشتنێکی هاوبەشی نیشتمانی، ڕوون کردەوە.

ڕەوشی گشتیی هەرێمی، بەتایبەتی دۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایییانە، بەشێکی تری گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا وێڕای هەڵسەنگاندنی لێکەوتەی گرژییەکان بەسەر ناوچەکەوە، بایەخی بەردەوامیدان بە دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی جێگیر، دووپات کرایەوە.