ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/8/6 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز نیاز ساڵح، سەرۆکی فەرمانگەی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای بەخێرهێنان و پیرۆزباییکردن لە خاتوو ڤێر، ئامادەییی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاریکاری و پشتیوانییەک کە بۆ سەرخستنی کار و ئەرکە نوێیەکەی لە هەرێمی کوردستان پێویست بێت، نیشان دا.
لای خۆیەوە خاتوو هۆڵی ڤێر، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.