Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد

2025-01-07T14:12:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/1/7 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئه‌ندرۆ بيزڵى، كونسوڵى گشتیی به‌ريتانيا له‌ هه‌رێمى كوردستان کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە و نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون، ڕەوشی گشتیی ناوچەکە خرایە بەر باس و بیروڕا سەبارەت بە پێشهات و ڕووداوەکانی، ئاڵوگۆڕ کرا.

لە تەوەری ناوخۆدا، باس لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت کرا، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای خستنەڕووی پەرەسەندنەکانی پرۆسەکە و ئەنجامەکانی، هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتییشی بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، ڕوون کردەوە.

دۆسیەی هەولێر ـ بەغدا و کێشە هەڵواسراوەکانی نێوانیان، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە، بوون.