Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان پێشوازیی لە کونسوڵی ژاپۆن کرد

2024-12-24T12:36:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2024/12/24 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئاراکاوا میکیهیرو، کونسوڵی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا کە بەڕێزان فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە، نیاز ساڵح، بەرپرسی کاروباری دەرەوە و دیپلۆماسی لە سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت خرایە بەر باس و هەوڵ و هەنگاوەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، ڕوونکرانەوە. هەردوولاش جەختیان لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەکە وەک پێویستییەکی قۆناغەکە، کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کرا، لەمبارەیەوە، بەڕێز سەرۆکی دیوان خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییەکان نیشان دا و پێشنیاری بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتیی ژاپۆنی لە هەرێمی کوردستان، لە کونسوڵخانەوە بۆ کونسوڵخانەی گشتی، خستەڕوو.

لای خۆیەوە بەڕێز کونسوڵی ژاپۆن، بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دوا. سەبارەت بە پێشنیاری بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییەکەیان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی، پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی دووپات کردەوە.