ئەمڕۆ سێشەممە 2026/6/23 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە خاتوو بێس ویڵسن، ڕاوێژکاری سیاسیی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد، کە لە خاتوو جولیا هاوارد، بەرپرسی پێشووی تیمی سیاسیی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و بەڕێز تۆم برۆملی، بەرپرسی نوێی تیمەکە، پێکهاتبوو.
لە دیدارێکدا، کە بەڕێز فەلاح مستەفا یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە ئامادەی بوو، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە سوپاس و پێزانینەوە، لە ئەرک و ڕۆڵی خاتوو هاوارد و کارەکانی لە ماوەی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان دوا و وێڕای بەخێرهێنانی بەڕێز برۆملی، هەموو ئامادەیییەکی بۆ پشتیوانی لە سەرخستنی ئەرکە نوێیەکەی لە هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە گرنگیی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا کرا و جەخت لە فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوانیان لە کایە جیاجیاکاندا، کرایەوە.
دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ڕەوشی گشتیی ناوچەکە، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە بیروڕا لەبارەیانەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.