ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/10/11 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی، کە لە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی پێکهاتبوو، بە مەبەستی بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی جەژنی (جەمایێ)، سەردانی لالش ـیان کرد و لەلایەن میر حازم تهحسین بهگ، میری ئێزدییان و جڤاتی ڕۆحانی و کەسایەتییانی ئایینی و كۆمەڵایەتیی ئێزدییەوە، پێشوازییان لێ کرا.
بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزباییی جەژنی لە میر و چڤاتی ڕۆحانی و کەسایەتی و جەماوەری ئێزدی کرد و هیوای ژیانێکی ئارام و سەقامگیری لە سایەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستاندا، بۆ خواستن.
بەڕێز میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییان، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بە بەشداریی شاندی سەرۆکایەتی لە جەژنەکەیاندا، سوپاسی خەمخۆری و پشتیوانییەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ ماف و خواستەکانی ئێزدییان کرد و پتەویی پەیوەندی و برایەتیی نێوان پێکهاتەکانی، دووپات کردەوە.