Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان ڕەوشی گشتیی مەسیحییەکانی لە هەرێمی کوردستاندا خستەڕوو

2025-03-11T09:47:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

لە پەراوێزی ڕێوڕەسمی نمایشکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی (مەسیحییەکان لە عێراق: ١٠ ساڵ دوای داعش) کە لە زانکۆی کاسۆلیکی لە هەولێر بەڕێوە چوو، بەرێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە گفتوگۆکانی پانێڵێک سەبارەت بە ڕەوشی ژیانی مەسیحییەکان لە عێراقدا و ڕۆڵ و کاریگەرییان لە کایە زیندووەکانی کۆمەڵگەدا کرد، کە لەلایەن دەزگای هەواڵی فاتیکان ‏(EWTN NEWS) دەزگای آسی مینا (ACI MENA)ەوە، ڕێکخرا بوو.

بەڕێز سەرۆکی دیوان، لە کولتووری پێکەوەژیان و لێبوردەییی نەتەوەیی و ئایینیی کوردستان دوا و هەرێمی کوردستانی وەک ناوچەیەکی ئارام و سەقامگیر بۆ مەسیحییەکانی عێراق، لە قەڵەم دا. لەمبارەیەوە، پێشوازی و هەڵوێستی مرۆییانەی گەل و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی بەرامبەر بە مەسیحییەکانی عێراق لە سەروەختی ئەو شاڵاوی تیرۆر و تۆقاندنەی کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقدا ڕووبەڕوویان بووەوە، بەبیر هەمووان هێنایەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی پانێڵەکەدا، بەڕێز سەرۆکی دیوان ڕۆڵی مەسیحییەکانی لە کایەی سیاسی و ئیداری و چالاکییە ئابووری و کولتوورییەکاندا ڕوونکردەوە و هەرێمی کوردستانی وەک سەرزەمینێکی ئازاد و کراوە کە هەمووان بەبێ جیاوازی و جیاکاری، دەرفەتی کار و پەرەپێدانی ژیان و بەشدارییکردنیان بۆ ڕەخسێنراوە، وەسف کرد، لەو ڕووەوە، وێڕای خستنەڕووی سیاسەتی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنی ژیانی گشتی و حوکمڕانییەت لە هەرێمەکە، ڕوانگەی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ قووڵترکردنەوەی گیانی تەبایی و ئاشتی و پێکەوەیی لەنێوان هەموواندا و هەوڵ و هەنگاوەکانی لەو پێناوەدا، شیکردەوە.