ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/11/12 لە هەولێر، بەڕێز د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی ڕۆژی سەربەخۆییی کۆماری پۆڵەندا ـدا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی پۆڵەنداوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداری و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی نووسینگە بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزباییی یادەکەی لە بەڕێزان باڵیۆز و کونسوڵی گشتیی پۆڵەندا و گەل و حکوومەتی وڵاتەکەیان کرد و هیوای بەردەوامی و سەقامگیریی بۆ کۆماری پۆڵەندای دۆست، خواست.
لای خۆیانەوە هەریەک لە بەڕێزان ڤۆیچیخ بۆجێک، باڵیۆزی پۆڵەندا لە عێراق و ماچێ زایدەل، کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، وێڕای سوپاسگوزاری و دەربڕینی پێزانین بە ئامادەبوونی هەمووان لە ڕێوڕەسمەکەیاندا، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و خواستی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا، کردەوە.