ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/8/26 بەڕێز د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا خرایە بەر باس و وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستیی پەرەپێدانیان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، بیروڕا سەبارەت بە هەنگاونان لەو پێناوەدا، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە تەوەری ناوخۆدا، پەرەسەندنە سیاسییەکان لەسەر هەردوو ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، لەمبارەیەوە، یەکهەڵوێستیی هەموو لایەنەکان لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانیدا، بە ئامانجی سەرخستنی پرۆسە سیاسییەکان و تێپەڕاندنی قۆناغەکە، دووپات کرایەوە.
هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی هەرێمی، خستنەڕووی گۆڕانکارییەکان و لێکەوتەکانیان بەسەر کایە جیاجیاکانی ناوچەکەوە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.