Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی نووسینگە پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی تورکیا کرد

2025-04-10T09:22:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/4/10 بەڕێز نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا، ڕەوشی ناوخۆ و پەرەسەندنەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، خرانە بەر باس، لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی نووسینگە، وێڕای خستنەڕووی ئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان، هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیشی بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە، ڕوون کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، دۆخی گشتیی ناوچەکە و پێشهات و ڕووداوەکانی تاوتوێ کران، تیایدا بیروڕا سەبارەت بە لێکەوتەکانیان ئاڵوگۆڕ کرا و جەخت لە پێویستیی هێورکردنەوەی گرژییەکان و پەنابردنە بەر گفتوگۆ و دانوستاندن بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان، کرایەوە.

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و چۆنیەتیی پەرەپێدان و فراوانکردنیان لە کایە جیاجیاکاندا، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو کە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی، ئامادەی بوون.