ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026/10/5 لە هەولێر، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی کە لە بەڕێزان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر، جێگرانی سەرۆک و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی (ڕۆژی یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا)دا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای ژمارەیەک لە سەرکردەی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێز دانيال كريبر، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق ئامادەی بوون، شاندی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایییان لە گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا و هەروەها لە بەڕێزان باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای سەرکەوتن و زیاتر گەشانەوەیان بۆ وڵاتی ئەڵمانیای دۆست، خواست.
لای خۆیانەوە هەریەک لە بەڕێزان دانیال کریبر باڵیۆز و کریستیان ئۆلفکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ بەشداریی هەمووان لە یادەکەیاندا، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پێویستیی پەرەپێدان و فراوانترکردنی هاریکاریی هاوبەش لە نێوانیاندا، کردەوە.