ئەمڕۆ یەکشەممە 2024/11/17 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە شاندێکی ئەنجومەنی بازرگانیی کوردستان ـ ئەمەریکا ( USKBC) کرد کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمەریکییەکان پێکهاتبوو. دواتر بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکارانی سەرۆکایەتی، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا، بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، هەڵسەنگاندێکی گشتیی سەبارەت بە دۆخی سیاسی و باری ئابووریی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، تیایدا، کایە و دەرفەتەکانی کاری هاوبەشیی نێوان کۆمپانیا و ناوەندە بارزگانی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای، ڕوون کردەوە و ئامادەییی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بۆ هەر پشتیوانی و هەماهەنگییەک کە برەو بە هاریکاری و هاوبەشیی هەمەلایەنەی نێوان هەردوولا بدات، نیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانیی کوردستان ـ ئەمەریکا، باسی لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا کرد و بە بایەخەوە، لە ژینگەی کارکردنی هەرێمەکە بۆ کار و پرۆژەی وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی سەرمایەی کۆمپانیاکانیان، دوا.
ئەنجومەنی بارزگانیی کوردستان ـ ئەمەریکا ( USKBC)، ساڵی 2012 بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندیی ئابووری و بارزگانیی لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکادا دامەزرا، ساڵانە کۆبوونەوەی هاوبەش لە نێوان ئەنجومەنەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوە دەچێت.