Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان ده‌كات

2024-09-21T07:16:00.000000Z
پەیامی پیرۆزبایی پەیام و پەیوەندی

له‌ (54) ساڵه‌ى يادى دامه‌زراندنيدا، به‌ گه‌رمى پيرۆزبايى له‌ مامۆستايانى به‌ڕێز سه‌رۆک و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى ته‌نفيزيى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان و ته‌واوى مامۆستايان و زانايانى ئايينى ده‌كه‌م، هيواى سه‌ركه‌وتنيان بۆ ده‌خوازم.

ئاماده‌يى و خه‌بات و تێكۆشانى يه‌كێتيى زانايان و مامۆستايانى ئايينى له‌ هه‌ردوو سه‌رده‌مى شۆڕش و ئازاديدا، به‌ پێزانينێكى زۆره‌وه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنين. له‌م ياده‌دا به‌ ڕێزه‌وه‌ ته‌واوى شه‌هيدانى يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ و سڵاو و دروود بۆ گيانى پاكيان ده‌نێرين.

جه‌خت له‌ به‌رده‌واميى ڕۆڵ و كاريگه‌ريى مامۆستايانى به‌ڕێزى ئايينى و يه‌كێتيى زانايانى ئايينى ئيسلامى كوردستان له ‌بره‌ودان به‌ كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندڕه‌وى و خۆشه‌ويستيى نيشتمان و ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى ده‌كه‌ينه‌وه‌، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌ك له‌ هه‌وڵ و كۆششى يه‌كێتيى زانايان بۆ ده‌ستبه‌ركردنى ته‌واوى مافه‌كانى مامۆستايانى ئايينى ده‌كه‌ين.


نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
٢٠٢٤/٩/٢١