Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

باڵیۆزی بەریتانیا ماڵئاوایی لە جێگری سەرۆک کرد

2025-02-22T11:30:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ شەممە 2025/2/22 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ‏هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی ماڵئاوایی و کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، پێشوازیی لە بەڕێز ستیڤن هیچن کرد.

لە دیدارێکدا به‌ڕێز جێگری سەرۆک، بە سوپاس و پێزانینەوە لە ڕۆڵ و کارەکانی بەڕێز هیچن لە ماوەی ڕابردوودا دوا و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی داهاتوویدا، بۆ خواست.

لای خۆیەوە باڵیۆز ستیڤن هیچن، وێڕای نیشاندانی سوپاسگوزاریی خۆی بۆ پاڵپشتی و هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان، جەختی لە گرنگیی پەرەپێدان و بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقدا، کردەوە.

ڕەوشی گشتی و پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکە، پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.