Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک لەگەڵ فەرماندەی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا کۆبووەوە

2025-09-22T18:38:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئەمڕۆ دووشەممە 2025/9/22 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز کۆڵۆنێڵ سێباستیان کلنک، فەرماندەی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا و شاندێکی یاوەری، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە، هاریکارییە سەربازییەکانی ئەڵمانیا بۆ پێشمەرگە و پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکەدا، مەترسییەکانی داعش بۆ سەر ناوچەکە و کاری هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتری نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و پێشمەرگە و سوپای عێراق، خرانە بەر باس. لەمبارەیەوە بەڕێز جێگری سەرۆک، ڕۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشی لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا، بە پێویست و کاریگەر لە قەڵەم دا.

لای خۆیانەوە شاندی هێزی هاوپەیمانیی ئەڵمانیا، بە بایەخەوە لە هاوکاری و هاریکاریی هاوبەشی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دوان و جەختیان لە بەردەوامیی پشتیوانییە سەربازییەکانیان بۆ پێشمەرگە، کردەوە.