
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/1/22، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە پهيوهندييهكانى هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەمەریکا کرا، تیایدا، گرنگیی بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لە هەموو بوارەکاندا، دووپات کرایەوە.
لە بەشێکی گفتوگۆکاندا، پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی پێشمەرگە خرایە بەر باس و هەردوولا لەسەر پێویستیی سەرخستنی پرۆسەکە و خێراکردنی ئەو قۆناغانەی کە ماون، هاوڕا بوون.
سەبارەت بە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا کە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، جەخت لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ و دانوستاندنەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور، کرایەوە.
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی دوا هەوڵ و هەنگاوەکانی پرۆسەکە، هەروەها هەڵسەنگاندنی ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتەی ڕووداو و پەرەسەندنەکانی، دوو تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوون کە بیروڕا لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرا.

