ئەمڕۆ دووشەممە 2026/4/27 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیيەکانی ناوچەکە، بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش و دۆسیەی چاکسازی و یەکخستنەوەی پێشمەرگە، تاوتوێ کران.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا کرایەوە، هەروەها تیشک خرایە سەر دۆخی ئاڵۆزی ناوچەکە و کاریگەری و لێکەوتەکانی ئەو شەڕەی کە ماوەیەکە ناوچەکەی گرتووەتەوە، تیایدا هەردوولا جەختیان لە گرنگی و بەردەوامبوونی هەوڵە دیپلۆماسییەکان کردەوە، لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەدا.
کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، هەروەها پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان و خستنەڕووی دوا هەوڵ و هەنگاوەکانی پرۆسەکە، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.