Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک و شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ناساندنی کونسوڵی گشتیی بەریتانیادا دەکەن

2026-07-28T19:06:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/7/28 لە هەولێر، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆک و فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان و ژمارەیەک لە بەرپرسان لە سەرۆکایەتی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ناساندنی خاتوو هۆڵی ڤێر، کونسوڵی گشتیی نوێی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و ماڵئاواییکردنی بەڕێز ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی پێشوودا کرد کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداری و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان تیایدا ئامادە بوون، شاندی سەرۆکایەتی وێڕای بەخێرهێنانی خاتوو ڤێر و نیشاندانی هەموو ئامادەیییەک بۆ پشتیوانیکردنی لە کار و ئەرکەکەیدا، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی بەڕێز بیزڵی لە ماوەی ڕابردوودا و هەوڵەکانی لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا، دوان.

لە بەشێکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، هەریەک لە کونسوڵی گشتیی نوێ و پێشووی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، وتەیان پێشکەش کرد، تیایاندا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان، خواستی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانترکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوان وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.