Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک و شاندێکی سەرۆکایەتی لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی (کۆمەڵەی شورای مەزن)دا بەشدار بوون

2025-12-08T20:19:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2025/12/8 لە هەولێر، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی کە لە بەڕێزان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان و فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری دەرەوە و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی (کۆمەڵەی شورای مەزن)دا کرد کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری میللیی چین ـەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە وێڕای بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتیی سیاسی و ئەکادیمی، ژمارەیەک لە کارمەند و فەرمانبەرانی کارگێڕیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان تیایدا بەشدار بوون، بەڕێز لیو جون، كونسوڵی گشتیی كۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی بە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە و سوپاسگوزاریی بۆ بەشداریی ئامادەبووان، لە گرنگیی دامەزراندنی (کۆمەڵەی شورای مەزن) و ئامانجەکانی دوا و وەک هەوڵێکی دیکەی وڵاتەکەی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پێشخستنی تواناسازییە کارگێڕی و پیشەییەکان و ئاڵوگۆڕکردنی کولتووری، لە قەڵەمی دا.

(کۆمەڵەی شورای مەزن) لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی چین ـەوە لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە و هەموو ئەوانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا بۆ ئەرکی سیاسی، دیپلۆماسی، هەروەها بەشداریکردن لە خولە ئەکادیمییەکان و کۆرسە فێرخوازییە کارگێڕییەکاندا سەردانی کۆماری میللیی چین ـیان کردووە، تیایدا ئەندامن.