
ئەمڕۆ دووشەممە 2025/2/3 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئادریان ئایسڵستاین، کونسوڵی گشتیی نوێی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری، کرد.
لە دیدارێکدا جێگری سەرۆک، وێڕای پیرۆزباییکردن لە بەڕێز ئایسڵستاین بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست و ئامادەییی هەموو پشتیوانی و هاوکاریکردنێکی بۆ سەرخستنی کارەکانی، نیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز کونسوڵی گشتیی نوێی هۆڵەندا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.
پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، پەیوەندی و کێشەکانی هەولێر ـ بەغدا و دۆخی ناوچەکە بە گشتی و پەرەسەندنەکانی سووریا بە تایبەتی، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوون.

