Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک سوپاسی پشتگیرییەکانی ئەمەریکای کرد

2026-07-02T19:35:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/7/2 بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز مایلز کاگینز، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی (نیو لاینز) و گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش لە عێراق و سووریا، کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و پرۆسەی سیاسی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، تاوتوێ کران.

بەڕێز جێگری سەرۆک، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانين بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامى ئەمەریکا له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هیوای خواست دانوستاندن و گفتوگۆی ئاشتییانەی نێوان ئەمەریکا و ئێران، ببێتە مایەی ئارامی و سەقامگیری و دوورخستنەوەی جەنگ و ئاڵۆزی لە ناوچەکەدا.

لای خۆیەوە بەڕێز مایلز کاگینز، بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا دوا و جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا، کردەوە.