Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نوێنەری سەرۆک بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی ڕووسیادا کرد

2026-06-11T20:50:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/6/11 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی ڕووسیادا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ڕووسیای فیدراڵییەوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای چەندین کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، ژمارەیەک لە دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایی لە گەل و دەوڵەتی ڕووسیا و هەروەها کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵخانە کرد و جەختی لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ڕووسیای فیدراڵدا، کردەوە.

بەڕێز ماکسیم ڕۆبن، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بە ئامادەبوونی هەمووان لە یادی ڕۆژی نیشتمانیی وڵاتەکەیاندا،
بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دوا و خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.