ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2025/12/17 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەر ـدا بەشدار بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی قەتەرەوە لە هەرێمی کوردستان ڕێکخرا بوو، وێڕای ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، بەرپرسانی سیاسی و ئیداری و میوانانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانیش ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزباییی ڕۆژی نیشتمانیی قەتەر ـی لە ستافی کونسوڵخانە و گەل و سەرکردایەتیی قەتەر کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیی بۆ خواستن.
لای خۆیەوە بەڕێز هەڵسووڕێنەری کونسوڵخانەی گشتیی قەتەر لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەشداریی هەمووانی لە یادەکەیاندا کرد و جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی پەیوەندی و دۆستایەتیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و خواستیان بۆ پەرەپێدان و قووڵترکردنەوەیان، کردەوە.