ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2026/9/29 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی 35ساڵەی ڕۆژی سەربەخۆییی کۆماری ئەرمینیادا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئەرمینیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای چەندین کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسی ئیداری، میوانانی ناوخۆ و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، باڵیۆزی کۆماری ئەرمینیا لە عێراق، ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزباییی ڕۆژی سەربەخۆیی لە گەل و حکوومەتی ئەرمینیا و هەروەها لە بەڕێزان باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و ستافی کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای بەردەوامی و گەشەسەندنی زیاتری بۆ کۆماری ئەرمینیای دۆست، خواست.
هەریەک لە بەڕێزان ڕۆبین سۆغۆیان، باڵیۆزی کۆماری ئەرمینیا لە عێراق و ڕافائيل موفسيسیان، کونسوڵی گشتیی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی ئامادەبوونی هەمووانیان لە یادەکەیاندا کرد و وێڕای ئاماژەدان بە دۆستایەتیی نێوان هەردوو گەلی ئەرمینیا و کوردستان، جەختیان لە گرنگیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و خواستی پەرەپێدان و فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەشی نێوانیان، کردەوە.