Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نوێنەری سەرۆک و شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی چین ـدا بەشداری دەکەن

2026-09-16T20:35:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/9/16 لە هەولێر، شاندێکی باڵای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە لە بەڕێزان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەید قادر جێگرانی سەرۆک، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوان و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی 77ساڵەی دامەزراندنی کۆماری میللیی چین کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی چین ـەوە لە هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی یادەکە و هەروەها کۆتاییهاتنی ماوەی ئەرکی کونسوڵی گشتییانەوە، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای ژمارەیەک لە سەرکردەی سیاسی و بەرپرسانی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا بە نوێنەرایەتیی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە بەڕێزان کونسوڵی گشتی و ستاف و کارمەندانی کونسوڵخانە و هەروەها لە گەل و حکوومەتی چین کرد و خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی لەنێوان هەردوولادا، نیشان دا.

لای خۆیەوە بەڕێز لیو جیون، کونسوڵی گشتیی کۆماری میللیی چین لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەشداریی هەمووانی لە یادەکەیاندا کرد و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکەدا، بە پێزانینەوە باسی لە هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەشیان لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا کرد و خۆشحاڵیی خۆی بە کارکردنی لە هەرێمی کوردستان، دەربڕی.