Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاراندا

2026-05-01T07:23:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

بە بۆنەی یەکی ئایار، جەژنی جیهانیی کرێکارانه‌وه‌، پیرۆزبایییەکی گەرم لە گشت کرێکارانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم، هەروەها ئەم جەژنە لە سەندیکای کرێکارانی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەم بۆنەیەدا، هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونی کرێکاران لە بواری ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بنیاتنان و بەرەوپێشچوونەکانی سیما و جوانيی وڵاتدا بەرز دەنرخێنین، هەروەها هەموو پشتیوانییەکی خۆمان بۆ ماف و داوا ڕەواکانیان دووپات دەکەینەوە، هیوادارم ئەو ڕەنج و ماندووبوونەی کە لەپێناو مانەوەیان لە ژیان ده‌يكێشن، بەرهەمەکەی مایەی خۆشگوزەرانی و بەختەوەری بێت بۆ ماڵ و خێزانەکانیان.

دروود بۆ گیانی پاکی ئەو کرێکارانەی کە لە کاتی کارکردندا گیانیان سپاردووە و سڵاویش لە خێزان کەسوکارەکانیان بێت.

بەرز و پیرۆز بێت ڕۆژی جیهانیی کرێکاران.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/5/1