تێپەڕبوونی (١٢)ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری، مایەی خەم و ئازارێکی ئەبەدییە و لە ناخ و بیری گشت کوردستانییانی ئازیز و مرۆڤایەتیدا، بۆ هەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە. لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا کوردانی ئێزدی لە زێدی خۆیان بە شێوەیەکی دڕندانە و دوور لە هەستی مرۆڤایەتی کەوتنە بەر لێشاو و هێرشی بێبەزەیییانەی تیرۆریستانی داعش، کە ئامانجیان سڕینەوەی شوناس و ميژوو و ڕەچەڵەکی ئێزدی بوو لە ناوچەکەدا.
لەم یادەدا، بە شکۆوە یادی قوربانییانی ئەم تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە دەکەینەوە، بە داخەوە خوشک و برا ئێزدییەکانی شەنگال و دەوروبەری یەکەم قوربانیی دەستی تیرۆریستانی داعش بوون لە ناوچەکەدا، کە بە دڕندانەترین شێوە لە خاک و نیشتمانی خۆیاندا کەوتنە بەر لێشاوی جینۆسایدکردن و ئاوارەیی و دەربەدەری، بێ جیاوازی کۆمەڵکوژ کران و شوێنە پیرۆز و مێژوویییەکانیان لێ خاپوور کرا.
کوردانی ئێزدی مێژوویەکی دێرینیان هەیە لە ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەشدا بە درێژاییی حوکمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەهۆی ئایین و زمانی دایکیان کە کوردییە، بە بەردەوام ڕووبەڕووی مەرگ و جینۆساید بوونەتەوە، بەڵام بەوپەڕی هێز و ئیرادەیانەوە هەمیشە ڕووبەڕووی هەموو تاوانکارییەکان بوونەتەوە و شکستیان بە دوژمنان و تیرۆریستان هێناوە لە بەرامبەر مانەوەیان بە شکۆمەندی.
لەم یادەدا، جەخت لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتننامەی شەنگال دەکەینەوە، لەپێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، ئومێدەوارم حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە هەوڵەکانی بەردەوام بێت بۆ دۆزینەوە و چارەنووسی ڕفێندراوان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی شەنگال و گشت شەهیدانی کوردستان بێت، سەربەرزیش بۆ کەسوکارەکانیان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/8/3