Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

پەیامی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا

2026-03-16T08:41:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

لە (38)ەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجەدا، بە شکۆوە ئەم یادە خەمناک و پڕ لە کارەساتەی دژ بە مرۆڤایەتی و خەڵکی بێتاوانی شارێکی هەمیشە زامدار دەکەینەوە، کە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا (1988/3/16)، لە ژێر دەسەڵات و ستەمی ڕژێمێکی دیکتاتۆردا، پێنج هەزار ڕۆحی بێتاوان بە بەرچاوی هەموو جیهان و بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بوونە قوربانی، جگە لە وێرانبوونی شارەکە و برینداربوونی هەزاران کەسی تر، کە بەشێکیان تا ئێستاش بە ئازاری برینەکانیانەوە دەناڵێنن.

لەم یادەدا جەخت لە گرنگیپێدانی زیاتری شاری هەڵەبجە دەکەینەوە، چونکە خەڵکی ئەم شارە شیاوی خزمەتی زیاترن لە ڕووی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانەوە ، لە هەمان کاتدا ئەرکی سەرشانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانە هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ بە جینۆساید ناساندنی هەڵەبجە و ئەنفال و ئەو تاوانە کۆمەڵکوژییانەی کە لە ناوچەکەدا بەرانبەر گەلی کورد ئەنجامدراون، لەپێناو ساڕێژبوونی کەمێک لە ئازار و مەینەتییەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراواندا.

سڵاو لە کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی هەڵەبجە و گشت شەهیدانی کوردستان بێت، یادی شەهیدان هەمیشە لە دڵ و ڕۆحماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە، دروود بۆ گیانی پاکیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
2026/3/16