Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی هاوبەشی بازرگانیی ئەمەریکا کرد

2025-09-09T16:42:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2025/9/9 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی بەڕێزان د.نووری عوسمان سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، پێشوازییان لە شاندێکی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکی و کۆمپانیا فرەجۆرەکانی ئەمەریکا، بە سەرۆکایەتیی بەڕێز ستیڤ لوتس، بەڕێوبەری کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا، کرد.

لە دیدارێکی فراواندا کە وێڕای نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا ـ کوردستان ئامادەی بوون، پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا، کایە و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی کار و هاریکاریی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەنێوان هەردوولادا، خرانە بەر باس، تیایدا وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی پەرەپێدان و فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکان لە تێکڕای کایە جیاجیاکاندا، بیروڕا سەبارەت بە چۆنیەتیی برەودان بە هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە کایەکانی وزە، کاری بانکی و تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکرددا، ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە ڕەوشی گشتیی هەرێمی کوردستان بۆ کاری سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان کرا، لەمبارەیەوە، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی هەوڵ و هەنگاوەکانی ژووری بارزگانیی ئەمەریکای لە پتەوترکردنی پەیوەندییەکاندا کرد و وێڕای نیشاندانی هەموو پشتیوانی و هاوکارییەک بۆ سەرخستنی کاری هاوبەشی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئەمەریکا و کۆمپانیاکانیدا، بەشداریکردنیانی لە پرۆسەی پێشخستنی ژێرخانی هەرێمی کوردستان و گەشەپێدانیدا، بە گرنگ لە قەڵەم دا.

لای خۆیانەوە شاندی هاوبەشی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا و کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە، خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و بە پێزانینەوە باسیان لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کاریگەری لە سەرخستنی کارەکانیاندا، کرد.