ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/10/15 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، بەشدارییان لە ئاهەنگی ڕۆژی لەدایکبوونی شا چارلس ـی سێیەم، شای شانشینی یەکگرتوودا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ئاهەنگەکەدا، کە وێڕای ژمارەیەک لە کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسی ئیداری و میوانانی ناوخۆ، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان پیرۆزباییی یادەکەی لە گەل و حکوومەت و ستافی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا کرد و هیوای تەندروستیی بۆ شا و بەردەوامیی بۆ شانشینی یەکگرتووی دۆست، خواست.
بەڕێز ئیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و خاتوو هۆڵی ڤێر، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی و پێزانینیان بۆ بەشداریی هەمووان لە ئاهەنگەکەیاندا دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی پەیوەندی و دۆستایەتیی وڵاتەکەیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و پێویستیی پەرەپێدانی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش لەنێوانیاندا، کردەوە.