ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2026/8/30 لەسەر قەڵای هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای سەرۆکایەتی، کە لە ژمارەیەک لە بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی یەکێتیی ئەورووپادا کرد، کە لەلایەن نووسینگەی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە چەندین کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسی ئیداریی هەرێمی کوردستان و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا ئامادەی بوون، بەڕێز کلیمێنس زێمتنەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵییان بە ئامادەبوونی هەمووان لە یادەکەیاندا و جەختکردنەوە لە گرنگیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمەکەی کردە دەرفەتێک کە تیایدا بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەیەوە وەک بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر، سوپاسی بەڕێز ڕادۆ بۆتۆم ـی کرد و هەروەها بەڕێز شتیفان ڤێنت، بەرپرسی نوێی نووسینگەکەیانی لە هەولێر، بە ئامادەبووان ناساند.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان، پیرۆزباییی یادی ڕۆژی یەکێتیی ئەورووپای لە بەڕێزان باڵیۆز و بەرپرس و ستافی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و وێڕای سوپاس و پێزانین بۆ ڕۆڵی بەڕێز بۆتۆم لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە ماوەی ڕابردوودا، بەخێرهێنانی بەڕێز ڤێنت ـی کرد و هەموو ئامادەیییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانی و هاریکاریکردنی لە سەرخستنی ئەرکە نوێیەکەیدا، نیشان دا.