ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/2/26 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئادریان ئایسڵستاین، کونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان، کرد.
لە دیدارێکدا، گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هۆڵەندا دووپات کرایەوە و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان و هەروەها فراوانکردنی هاریکاری و هەماهەنگیی هاوبەش، بەتایبەتی لە کایەکانی ئابووری و بازرگانیدا، تاوتوێ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، دۆخی ناوخۆ و ڕەوشی سیاسیی عێراق، خرانە بەر باس؛ لەمبارەیەوە بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای خستنەڕووی پەرەسەندنەکانی پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، هەوڵ و هەنگاوەکانی سەرۆکایەتیی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەکەدا، ڕوون کردەوە.
سەبارەت بە ڕەوشی سیاسیی عێراق و ئاراستەی جووڵە سیاسییە هەنووکەیییەکان، هەردوولا لەسەر پێویستیی سازانی پێکهاتە و لایەنە سەرەکییەکانی عێراق لە پرۆژەیەکی نیشتمانیدا بە ئامانجی تێپەڕاندنی قۆناغەکە، هاوڕا بوون.