ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/10/14، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسان و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، لەگەڵ شاندێکی هاوبەشی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا ـ کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا ـ سووریا، کە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن یاوەریان بوو، کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێز سەرۆکی دیوان وێڕای بەخێرهێنان، سەردانی شاندەکەی بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا، لە قەڵەم دا و ئامادەییی هەموو پشتیوانییەکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی لەپێناو سەرخستنی کارەکانیان و پتەوترکردنی هاریکاریی هاوبەش و دەستەبەرکردنی دەرفەتی کار و وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، نیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز دەیڤد تەفوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا ـ کوردستان و هەریەک لە نوێنەری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، خۆشحاڵیی خۆیانیان بە سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و پاش خستنەڕووی بەرنامە و پلانی کارەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بە پێزانینەوە لە پشتیوانی و هاریکاریی سەرۆکایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کار و چالاکییە ئابووری و بارزگانییەکانیان، دوان.