ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026/10/29 لە هەولێر، بەڕێزان فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و د. نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک و شاندێکی باڵا لە بەرپرس و ڕاوێژکاران لە سەرۆکایەتی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی یادی 103ساڵەی ڕاگەیاندنی کۆماری تورکیادا کرد، کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسی ئیداری، میوانانی ناوخۆ و دیپلۆمات و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان پیرۆزباییی یادەکەی لە ستافی کونسوڵخانە و گەل و حکوومەتی تورکیا کرد و هیوای ئاشتی و سەقامگیریی بۆ وڵاتی تورکیای دۆست و دراوسێ، خواست.
بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، وێڕای نیشاندانی خۆشحاڵی و پێزانین بە بەشداریی هەمووان لە یادەکەیاندا، جەختی لە گرنگیی دۆستایەتی و پەیوەندیی پتەوی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هەروەها پێویستیی پەرەپێدان و فراوانکردنیانی، کردەوە.