Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی دیوان و شاندێکی سەرۆکایەتی لە ڕۆژی نیشتمانیی ئیتاڵیادا بەشدار بوون

2025-06-03T19:44:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2025/6/3 لە هەولێر، بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی سەرۆکایەتی، کە لە ژمارەیەک بەرپرس و ڕاوێژکاران پێکهاتبوو، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی نیشتمانیی ئیتاڵیادا کرد کە لەلایەن کونسوڵخانەی گشتیی ئیتاڵیاوە لە هەرێمی کوردستان، ڕێکخرا بوو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە وێڕای کەسایەتیی سیاسی، بەرپرسانی ئیداری، میوانانی ناوخۆ و دیپلۆماتکار و نوێنەری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێزان باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و فەرماندە سەربازییەکانی ئیتاڵیا لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ئامادەی بوون، بەڕێز سەرۆکی دیوان بە نوێنەرایەتیی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزباییی ڕۆژی نیشتمانیی ئیتاڵیای لە بەڕێزان باڵیۆز، کونسوڵی گشتی، ستافی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی گشتی و هەروەها گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا کرد و هیوای بەردەوامیی بۆ پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا، خواست.

لە وتەیەکدا بەڕێز تۆماسۆ سانسۆنی، کونسوڵی گشتیی ئیتاڵیا لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی بەشداری و ئامادەبوونی هەمووانی لە یادەکەیاندا کرد و گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستانی لە عێراق و ناوچەکەدا و بایەخی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە.