
ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/2/23 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە گرووپێکی هاوبەش لە (دۆستانی کوردستان لە بەریتانیا) کرد، کە لە ژمارەیەک هەڵسوڕاوی سیاسی، چالاکی مەدەنی و جەماوەری، پێکهاتبوو.
لە دیدارەکەدا بەڕێز سەرۆکی دیوان، بە بایەخەوە لە کار و ئەرکەکانی گرووپەکە دوا و ئەو چالاکییانەی کە لەماوەی ڕابردوودا بۆ پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان و هەوڵدان بۆ دروستکردنی ڕای گشتی لە وڵاتەکەیاندا، بە ئامانجی پاڵپشتیکردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەیان بردووە، بە گرنگ لە قەڵەم دا.
ئەندامانی گرووپی دۆستانی کوردستان لە بەریتانیا، خۆشحاڵییان بە سەقامگیری و پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و بەردەوامیی هەوڵ و چالاکییەکانی خۆیانیان لەپێناو زیاتر ناساندن و هەروەها کۆکردنەوەی دۆست و پشتیوان بۆ هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
