
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2025/2/20 بەڕێز فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئالبرێشت فۆن ڤيتكه، كونسوڵى گشتیی ئهڵمانيا لە هەرێمی کوردستان و شاندێکی کونسوڵخانە، کرد.
لە دیدارێکدا کە بەڕێز فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆک بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە ئامادەی بوو، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا و چۆنیەتیی پەرەپێدانیان لە کایە جیاجیاکاندا خرایە بەر باس، بیروڕاش سەبارەت بە فراوانکردنی هاریکاریی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا، ئاڵوگۆڕ کرا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکەدا، باس لە کێشە هەڵواسراوەکانی هەولێر ـ بەغدا کرا، لەمبارەیەوە وێڕای جەختکردنەوە لە پێویستیی بەردەوامبوونی دانوستاندنەکان، چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور، دووپات کرایەوە.
لە تەوەری ناوخۆدا، بەڕێز سەرۆکی دیوان، دوا هەنگاوەکانی پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت و هەروەها هەوڵەکانی سەرۆکایەتی کە بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکەن، بۆ شاندی میوان ڕوون کردەوە.
دۆسیەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ئەنجامی گفتوگۆ هاوبەشەکان لەبارەیەوە، هەروەها ڕەوشی گشتیی ناوچەکە و لێکەوتەی گۆڕانکارییەکانی، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

