Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

سەرۆکی نووسینگە و کونسوڵی گشتیی تورکیا پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد

2026-02-25T12:40:00.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی

ئەمڕۆ چوارشەممە 2026/2/25 بەڕێز د.نووری عوسمان، سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە بەڕێز ئەرمان تۆپچو، کونسوڵی گشتیی تورکیا لە هەرێمی کوردستان، کرد.

لە دیدارێکدا وێڕای جەختکردنەوە لە بەردەوامیی پەیوەندییەکان و چۆنیەتیی پەرەپێدانی هاریکاریی هاوبەش لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە کایە جیاجیاکاندا، چەندین تەوەری پەیوەندیدار بە دۆخی ناوخۆ، عێراق و ناوچەکە، تاوتوێ کران.

لە تەوەری ناوخۆدا، هەوڵەکان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خرانە ڕوو؛ سەبارەت بە ڕەوشی سیاسی لە عێراق، ئەو قۆناغە دەستوورییانەی کە بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیران پێویستن، باس کران، لەمبارەیەوە هەردوولا لەسەر گرنگیی سازان و کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغەکە، هاوڕا بوون.

هەڵسەنگاندنی دۆخی هەرێمی و پەرەسەندنەکانی، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو، تیایدا بیروڕا سەبارەت بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان و لێکەوتەکانیان بەسەر ناوچەکەوە، ئاڵوگۆڕ کرا.