Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

په‌یامی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه‌

2020-03-20T06:33:38.000000Z
لێدوان

كوردستانييانى خۆشه‌ويست..

به‌ گه‌رمى پيرۆزباييى جه‌ژنى نه‌ورۆز و ساڵى تازه‌ى كوردى له خێزانى سه‌ربه‌رزى شه‌هيدانى كوردستان و ته‌واوى گه‌لى كورد و كوردستانييان له‌ هه‌ر كوێ بن و هه‌موو ئه‌و گه‌ل و ميلله‌تانه‌ ده‌كه‌م كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆز ده‌گێڕن.

له‌م بۆنه‌يه‌دا ده‌مه‌وێ به‌تايبه‌تى پيرۆزباييى جه‌ژنى نه‌ورۆز و سوپاس و ده‌ستخۆشى له‌ ته‌واوى تيمه‌ پزيشكى و ته‌ندروستييه‌كان و پۆليس و ئاسايش و زێره‌ڤانى و پێشمه‌رگه‌ و كارمه‌ندانى فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان و هه‌موو ئه‌و لايه‌نه‌ په‌يوه‌ندارانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ ڕيزى پێشه‌وه‌دا به‌ره‌نگارى په‌تاى كۆرۆنا و مه‌ترسييه‌كانى بوونه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گيانى هاووڵاتييان بپارێزن. ئه‌وان بۆ پاراستن و ڕزگاركردنى ئێمه‌ له‌سه‌ر كارن و ئێمه‌ش بۆ هاوكاريى هه‌مووان، ده‌بێ له‌ ماڵ بمێنينه‌وه‌.

نه‌ورۆزى ئه‌مساڵ له‌ دۆخێكى سه‌ختدا دێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستانيش وه‌ك زۆربه‌ى وڵاتانى جيهان ڕووبه‌ڕووى مه‌ترسييه‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌م په‌تايه‌ بووه‌ته‌وه‌. له‌م دۆخه‌دا ده‌بێ هه‌موومان پابه‌ندى ڕێنماييه‌كانى ڕێكخراوى ته‌ندروستيى جيهانى و وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بين.

نه‌ورۆز جه‌ژن و هێماى سه‌ركه‌وتنه‌ و ده‌بێ وه‌ك هه‌ميشه‌ هێز و وره‌مان بداتێ. به‌ پابه‌ندى و هاوكاريى هاووڵاتييان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كان، ئه‌م سه‌ختييه‌ش تێده‌په‌ڕێنين و سه‌رده‌كه‌وين. له‌ كۆنه‌وه‌ گه‌لى كورد و كوردستانييان به گه‌شت و سه‌يران و كردنه‌وه‌ى ئاگرى نه‌ورۆز ڕاهاتوون، به‌ڵام بۆ ئه‌م ساڵ و له‌به‌ر ئه‌م دۆخه‌، با هه‌موومان پابه‌ند بين و له‌ ماڵ بمێنينه‌وه‌. با به‌ داگيرساندنى مۆمێك له‌ ماڵ ئاگرى نه‌ورۆز بكه‌ينه‌وه‌ و هيواى سه‌ركه‌وتن و تێپه‌ڕاندنى ئه‌م دۆخه‌ بخوازين، گه‌شت و سه‌يران، بۆ دواى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان بن.

هاووڵاتييانى ئازيز..

چ بۆ ئه‌و دۆخه‌ى به‌هۆى په‌تاى كۆرۆنا و لێكه‌وته هه‌مه‌لايه‌نه‌كانييه‌وه‌ هاتووه‌ و دێته‌ ئاراوه‌، چ بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌ سياسييه‌كانى عێراقيش بێت، هه‌رێمى كوردستان ده‌بێ ته‌بايى و يه‌كڕيزى و كارى پێكه‌وه‌يى و ئه‌وپه‌ڕى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كاندا بپارێزێت. هه‌مووان به‌ گيانێكى به‌رپرسانه‌ى نيشتمانييانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى باڵاى هه‌رێمى كوردستان بجووڵێنه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر كاركردن بۆ ئه‌م ئامانجه‌ به‌رده‌وام ده‌بين.

له‌سه‌ر ئاستى عێراقيش دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ هاوكار ده‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كانى وڵات و دروستكردنى سه‌قامگيرى و سازانێكى سياسى له‌ عێراق، پشتگيريش له‌ حكوومه‌تێك ده‌كات كه‌ داوا و مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌ل و پێكهاته‌كانى عێراق ده‌سته‌به‌ر بكات و تايبه‌تمه‌ندى و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێمى كوردستانيش بپارێزێت.

جیهان ئێستا بەهۆی كۆرۆناوە بە دۆخێكی زۆر خراپدا تێدەپەڕێت. ئەو پەتایە ژیانی مرۆڤی لەڕووی تەندروستی و ئابوورییەوە خستووەتە دۆخێكی یەكجار چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌وه‌ كە تێپەڕاندنی پێویستی بە لێكگەیشتن و هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییەكی گەورەی جیهانییە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان هەرچی زووە ڕۆڵی خۆیان لەپێناو كەمكردنەوەی زیانەكانيدا بگێڕن، هه‌رێمى كوردستانيش هاوكار ده‌بێت.

خواى مه‌زن كوردستان و كوردستانييان و ته‌واوى گه‌لانى جيهان بپارێزێت. جه‌ژنى نه‌ورۆز له‌ هه‌مووتان پيرۆز بێت، هيوادارم جه‌ژن و بۆنه‌كانى داهاتوو له‌ كه‌ش و دۆخێكى باشتردا بكه‌ينه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

20/3/2020