Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان جه‌خت له‌ ڕۆڵى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌

2021-02-14T07:53:36.000000Z
په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی

نێرده‌ى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، خاتوو جێنين پلاسخارت جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك نيچيرڤان بارزانى ده‌توانێت و چاويان لێيه‌ ئاماده‌يى و ڕۆڵێكى به‌رچاوترى له‌ سه‌ركه‌وتنى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و جێگيركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ياساى بودجه‌ى عێراقدا بۆ ساڵى 2021، هه‌روه‌ها له‌ ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كاندا هه‌بێت.

سه‌ر‌له‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌، 2021/2/14 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ خاتوو جينين پلاسخارت، نێرده‌ى تايبه‌تى سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنيان و هه‌وڵه‌كان بۆ جێگيركردنى پشكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ياساى بودجه‌ى 2021ى عێراقدا تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ چاره‌سه‌ركردنيان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عێراق كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها دۆخى سياسى و ئه‌منى و ئابووريى وڵات، په‌تاى كۆڤيد_19، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و كرداره‌كانى داعش و دۆخى ناوچه‌كه‌يان به‌گشتى خسته‌ به‌ر باس.