Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگری سەرۆک له‌گه‌ڵ شاندێكى سه‌ربازيى فه‌ره‌نسى كۆبووه‌وه‌

2021-05-24T19:14:48.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ جەعفەر شێخ مستەفا

 ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢١/٥/٢٤ بەڕێز شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان، پێشوازی لە خاتوو فرانسواز دوماس سەرۆکی کۆمیسیۆنی بەرگريی نیشتمانی و سەربازی لە پەرلەمانی فەرەنسا و بەڕێزان فیلیپ مایەر و گوێندال ڕۆیلارد ئه‌ندامانى په‌رله‌مان و برۆنۆ ئۆبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق و ئۆلیڤیێ دیکۆتینى، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەولێر و شاندێکی یاوەريان کرد.

لە کۆبوونەوەيه‌کدا دوایین پێشهاتە ئەمنییەکان، هەڵسەنگاندنی باری سەربازيی پێشمەرگە، نەخشەدانان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دژ به‌ تیرۆستانی داعش، هه‌نگاوه‌كانى پرۆسەی چاكسازى لە وەزارەتی پێشمەرگە و چەند پرسێکی ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان تاوتوێ كرد.

بەڕێز جێگری سەرۆک ڕۆڵی هێزە فەرەنسييه‌كانى له‌ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش له‌ عێراق و ناوچەکەدا بەرز نرخاند بەتایبەتى هاوکاریى سەربازی و مەشق و ڕاهێنانيان بە پێشمەرگە، هەروەها کاریگەرییان لە پرۆسەی چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمەرگە و هه‌وڵه‌كان بۆ پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی بۆشایيی ئەمنیان تێدايه‌ و داعش ڕێکخستن و نەخشەی پەلاماری تیادا ئەنجام دەدات.

لای خۆیانەوە شاندە فەرەنسییەکە جەختیان لە بەردەواميى یارمەتی و پشتیوانى و هه‌ماهه‌نگييان له‌گه‌ڵ پێشمەرگە كرده‌وه‌ و هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێويستيى ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشى پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پاڵپشتيی هاوپەیمانان بۆ دوورخستنەوە و نەمانی یەکجارەکی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکەدا، هەروەها توندوتۆڵکردنی سنوورەکان بۆ ڕێگریکردن له‌ جموجۆڵى تیرۆرستان.