ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٧/١١ بهڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ڕاوێژکاریی سەربازیی ئەمهریکا و بهریتانیا کرد کە لە بهڕێزان عەقید هێربرت جۆلیات لە ئۆفیسی هەماهەنگیی ئەمنی و عەقید چارڵی سیاکس ڕاوێژکاری تایبەتی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و شاندێک لە کۆنسۆڵخانەی بهریتانی، پێکهاتبوون.
لە کۆبوونهوهیهکدا بە دوورودرێژی باس لە گرنگیی سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و پاراستنی هەرێمی کوردستان کرا، جەخت کرایەوە کە پاراستنی سەقامگیری بەرپرسیاریەتیی هەموو لایەکە و دۆخە سیاسییە گشتییەکە هەستیارە و کاری جددی لە هەموو لایەک دەخوازێت، هەروەها گفتوگۆ سەبارەت بە پلان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی پێشمەرگە و شێوازەکانی دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی کرا و تیشک خرایە سەر ئەو هەنگاوە سەربازییە تەکنیکییانەی ئهم دواییە بۆ ئەو مەبەستە نراون.
بهڕێز جێگری سهرۆک ڕایگەیاند یەکێک لە پایە بەهێزەکانی بهرگری، دامەزراندنی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی و ئەنجامدانی پرۆسەیەکی چاکسازیی ڕاستەقینەی هەمەلایەنەیە، بەتایبەتی پەرەپێدانی پرۆژەکانی تواناسازیی سەربازی و پتەوکردنی دامەزراوە سەربازییەکان کە یارمەتیی پاراستنی ئەمنیەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و عێراق بەگشتی دەدات، بە حوکمی ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە دەستووری عێراقدا بەشێکی سیستهمی بهرگریی عیراقه.
شاندهکه لەگەڵ بهڕێز جێگری سەرۆک هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە بە زووترین کات چاکسازی لەناو هێزەکانی پێشمەرگە بکرێت و بۆ بهرهنگاربوونهوهی تیرۆر هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام بێت.
لە کۆتاییدا بهڕێز جێگری سەرۆک سوپاسی هاوپەیمانانی کرد کە لە جەنگی داعش و مەشقپێکردن و ڕاهێنانی پیشمەرگهدا، یارمەتیی هەرێمی کوردستانیان دا.