Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

جێگرى سه‌رۆك له‌گه‌ڵ باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌

2022-03-15T15:23:34.000000Z
ھەواڵی سەرۆکایەتی هەواڵ مستەفا سەید قادر

ئێوارەی دووشه‌ممه‌ 2022/3/14، به‌ڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ به‌ڕێز ڤيلله‌ ڤاريۆلا باڵيۆزى يه‌كێتيى ئه‌ورووپا له‌ عيراق و خاتوو ماری پارێ بەرپرسی ئۆفیسی يه‌كێتيى ئه‌ورووپا لە هەرێمى كوردستان کۆبووه‌وە.

لە دیدارێکدا، دوایين پێشهاتە سیاسی و ئەمنیيەکانی عيراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتيیان و هەلی کار، ڕەوشی ئازادی و مافی مرۆڤ، پرسی کۆچبەران، ڕۆڵی وڵاتانی ئەورووپا و پەیوەندییەکانیان و پشتیوانیيان لە هەرێمی کوردستان، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

به‌ڕێز جێگری سەرۆک بە بایەخەوە جەختی لە پرۆسەی چاکسازيی بنەڕەتی لە سێکتەرەکانی حکومڕانی و نەهێشتنی گەندەڵی کردەوە و پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمى كوردستان و پاکيی تۆماری دەنگدەران و بەشداريی هاووڵاتييانى لە دەنگداندا بە کۆڵەکەی دامەزراندنی حکوومەتێکی دامەزراوه‌ييی نیشتمانی لە قەڵەم دا كه‌ سەقامگیريی سیاسی و متمانەی هاووڵاتى مسۆگەر دەکات.

لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، تیشک خرایە سەر پەیوەنديی لایەنە سیاسیيە عيراقييه‌کانی شیعە و سوننە و کورد و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عيراق و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرۆسەیە.

هەروەها، هەردولا باسیان لە لێکەوتەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدرالی سەبارەت بە پرسی نەوت و غاز و داهاتی گومرگيی خاڵە سنوورییەکان و هێرشە مووشەکییەکان بۆ سه‌ر هه‌ولێر کرد.