ئەمڕۆ سێشهممه ٢٠٢١/٣/٩ لە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە هەولێر، بهڕێز مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نەسروڵڵا ڕەشنوودی، سەرکونسوڵگەری گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا وێڕای ئهوهی که بهڕێز ڕشنوودی هاوخهمی بۆ کۆچی دواییی باوکی بهڕێز جێگری سهرۆک دووپات کردهوه، ههردوولا پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران و هەوڵەکانی لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدایان تاوتوێ کرد.
بهڕێز جێگری سەرۆک داوای کرد کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵەکانی خۆی بخاتە گەڕ بۆ ڕێککەوتن و لێکنزیکبوونەوەی هەولێر و بەغدا و لایەنە سیاسییەکان و بهڕێز ڕەشنوودی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و دووپاتی کردەوە که سەقامگیریی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی بۆ وڵاتەکەیان گرنگە.
بهڕێز جێگری سهرۆک، سوپاسی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کرد بۆ هاوکاریکردنیان لە ڕووبهڕوبوونەوەی داعش، دوپاتیشی کردەوە کە مەترسییەکانی داعش کۆتایی نەهاتووە.